دەسبەسەرکردن سێ هاووڵاتییە خەڵکی بانە و دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کوروش عەبدی و ئیسماعیل بەرخورداری، خەڵکی دیواندەرە و شەهرام قادرپەنا، خەڵکی بانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کوروش عەبدی، ئەندازیاری پاڵاوگەی بەنداوی سیازاخ لە ٧ کیلومیتری شاری دیواندەرە و لە کاتی کارکردندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هاوکات ئیسماعیل بەرخورداری، شۆفیری جادەی نێوان دیواندەرە بۆ سنە لە تێرمیناڵی شاری سنە، لە ئاکامی هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامتدا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و هەروەها لەلایەکی دیکەوە هەمانڕۆژ، ٥ ئۆتۆمبێلی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووتە سەر گوندی “کەوپێچ”ـی بانە و بە شێوەیەکی دڕەندانە شەهرام قادرپەنایان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

شایانی باسە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونتە پاڵ ئەو ٣ هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان، لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوونەکان.