پارێزەرێکی کورد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: خوسرەو عەلیکوردی، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی مەشهەد و پارێزەری بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خوسرەو عەلیکوردی، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری مەشهەد و پارێزەری بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و بەندکراوانی سیاسی کە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوون، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی “وەکیل‌ئاوا”ـی مەشهەد کرا.

خوسرەو عەلیکوردی، پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئیرانەوە لە شاری مەشهەد، سزای ١ساڵ بەندکردن، ٢ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی، ٢ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران، ٢ساڵیش قەدەغەکردنی کارکردن لە بواری پیشەی یاسایی و هەروەها قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ٢ساڵی بەسەردا سەپاندووە.