دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی کورد لە خۆراسانی باکووری

خۆڕاگری: لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپی هونەرمەنێکی کورد لە خۆراسان، چوار کەسە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپێکی نوێی هونەرمەند “عەلی کەریمی” یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کورد لە خۆراسانی باکووری، لانیکەم ٤ کەس کە لە بەرهەمهێنەرانی ئەو ڤیدیۆکلیپە بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و چەند کەسی دیکەش هەر بەو مەبەسەتە بانگ کراون.

ڤیدیۆکلیپی میوزیکی “وڵات” کە بە زمانی کوردی لەلایەن هونەرمەند عەلی کەریمی لە پارێزگای خۆراسانی باکووری بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامی پێیناخۆش بووە و بەوهۆیەوە ٤ کەس کە هاوکاری دروستکردنی ئەو ڤیدیۆکلیپەیان کردووە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تۆمارگای “تەقیزادە” کە گۆرانی کلیپەکەی تێدا تۆمار کراوە لە شاری ئەسفەراین، لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە داخراوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسێن تەقیزادە دەنگهەڵگر و بەڕێوەبەری تۆمارگای “تەقیزادە” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری ئەسفەراین و هەروەها هەر یەک لە عەلی دلفراز دەرهێنەر، حوسێن فیروزە بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و جەلال بەراتزادە کامێرامانی ئەو گرووپە لە شاری بجنوردی پارێزگای خۆراسانی باکووری، دوای بانگکردنیان بۆ ئیدارە ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کراون و ئەو کەسانەشی کە بەهەر جۆرێک هاوکاری ئەو گرووپەیان کردووە هەریەکە و لە شاری خۆیانەوە لەلایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.