دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی نۆژین لە کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەشاد پەرویزی، ئەندامی “نۆژین” لە شاری کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەشاری کامێران، ڕەشاد پەرویزی، ئەندامی ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین لقی کامێرانیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، لە پاش دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست ودروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ئەوە بنەماڵەی ناوبراوی بەتەواوی نیگەران کردووە و ئیتلاعاتی ڕێژیمیش لەو شارە وڵامدەری ئەو بابەتە نییە.