دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی کورد لە ئیسفەهان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەمیر ڕاهپەیکەر، خەڵکی مەریوان و خوێندکاری زانکۆی ئیسفەهان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمیر ڕاهەپەیکەر، تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی شاری و خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کیمیا لە زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بەهەمانشێوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، لانیکەم دوو خوێندکاری دیکە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە قاسم سولەیمانی دەسبەسەر کراون.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو خوێندکارە کوردە لە ئیسفەهان، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە و تا ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە و هەروەها هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەو خوێندکارانە، لەلایەن ناوەندی پاراستنی زانکۆکانیانەوە، بۆ ماوەیەکی نادیار ئامادەبوونیان لە پۆلەکانی خوێندنی کۆلێژەکانیان و بەشدارییان لە وانەکان قەدەغە کراوە.