تۆمەتبارکردنی سێ دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە افساد فی‌الارض لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی و ڕەئوف شێخ‌مەعرووفی، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە بە “افساد فی‌الارض” تۆمەتبار کران.

ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کامران سوڵتانی، محەممەد فەرەجی، و ڕەئوف شێخ‌مەعرووفی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە “افساد فی‌الارض” تۆمەتبار کراوان و سەرەڕای تۆمەتبارکردنیان مەترسیی ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا لە زۆرە.

ئەو ٣هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەکانیاندا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەیەکی زۆر دڕەندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان ماوەی دەسبەسەرکردن و گوشارخستنە سەر ئەو سێ هاووڵاتییە درێژتر بکەنەوە و سزای قورستریان بەسەردا بسەپێنن و هەوڵ دەدەن بەوە تۆمەتباریان بکەن کە دەستیان لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت هەبووە لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا.

جێی ئاماژەیە کە، ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و محەممەد فەرەجی، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی هەمانساڵ و هەروەها کامران سوڵتانی، ٨ی ڕەشەمەی هەمانساڵ، بە شێوەیەکی دڕەندانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە کرا و هەروەها ڕۆژی هەینی، ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، پاش چەند مانگ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرانەوە و ئێستاش لەو بەندیخانەیە ڕاگیراون و هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە.