دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “جبرەئیل ئەحمەدپوور” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نیوەشەوی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی جبرەئیل ئەحمەدپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گردگاسان”ـی سەربەو شارە و وێرای دروستکردنی کەشێکی ترسێنەر بێڕێزیکردن دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو هێزە سەرکوتکەرەکانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بێجگە لە ماڵی ئەوانیش، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چەند کەسێکی خزمی نزیکی جبرەئیل و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کراون.

جێی ئاماژەیە کە، لە کاتی دەسبەسەرکردنی جبرەئیل ئەحمەدپوورەوە تائێستا، هیچ زنیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.