دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە و دێولان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەرسەلان پووریا، خەڵکی سنە و محەممەد محەممەدی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “بڵواناوا”ـی سەربە شاری دێولان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆمار ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

هاوکات، ئەرسەلان پووریا، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “قار”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

شایانی باسە کە، لە ماوەی دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کە نزیکەی ١٥ڕۆژ تێدەپەڕێ، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چاەنووسیان لە بەردەستدا نییە.