دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سۆمای برادۆست لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەحمەد بێکەس، هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٠ڕۆژ دەبێ کە ئەحمەد بێکەس، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “باوان”ـی سەربە ناوچەی سۆمای برادۆست‌ لە پارێزگای ورمێ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەحمەد بێکەس هەموو دەرگا و پەنجەرەی ئەو ماڵەیان شکاندوە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان ناوبرایان دەسبەسەر کردووە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەکەیان نەداوەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها ناوبراو شەوی شەممە، ٢٥ی خەرمانان لە ئاکامی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.