بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانە ئازاد بوو

خۆڕاگری: ڕەحمەت ئابجامە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد پاش تەواوکردنی سزای سەپێندراوەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد بوو.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕەحمەت ئابجامە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٢ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، ماوەی سزاکەی تەواو بووە و لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد ئازاد بوو.

ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و پڕوپەگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٢ساڵ و ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە کەمکرایەوە بۆ ٢ساڵ و بەندکردن و ماوەی ٢ساڵەکەی تەواو کرد و لە بەندیخانە ئازاد بوو.

جێی ئاماژەیە کە ڕەحمەت ئابجامە، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی پووشەپڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دوای دەسبەسەرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەشی بە تەواوی ماڵەکەیان پشکنی و هێندێک کەلوپەلی تایبەتی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان برد.