هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سیامەک هەیاسی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سیامەک هەیاسی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “حاجی ئاباد”ـی سەربە شاری بۆکان، پاش زیاتر لە ساڵێک و ٦مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان، گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و دواتر پاش ٥مانگ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ و هەروەها  ماوەی زیاتر لە ٣مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە بەشێوەیەکی دڕەندانە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، ناوبراو لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاساییدەسبەسەر کراوە و هێزە سەرکوتکەرەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر مۆبایلەکە، کۆمپیوتێر و هەندێک کەلوپەلی تەیبەتی خۆیدا گرتووە.