دایکی شەهیدێکی سۆڕشی ژینا لە بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مینا سوڵتانی، دایکی شەهید شەهریار محەممەدی و هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی “مینا سوڵتانی” دایکی شەهریار محەممەدی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان. ئازادی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پێشتریش لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بووە و لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان لە پەیوەندی بەردەوامی تەلەفوونیدا گوشاریان خستۆتە سەری بۆ ئەوەی واز دادخوازی بهێنێ، بەڵام دایکی ئەو شەهیدا گرینگی بە گوشارەکانی ڕێژیم نەداوە و ملکەچی داواکانیان نەبووە، بۆیە هێزە سەرکوتەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان و دەسبەسەریان کردووە.

جێی ئاماژەیەوە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنێ ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نیییە و هەروەها هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو ماڵباتەیان نەداوەتەوە.