دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی جوانڕۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیبراهیم گوڵعەنبەر، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیبراهیم گوڵعەنبەر، هاووڵاتیی خەڵكی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەر ڕێگای نێوان شارەکانی بێستوون و کرماشان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینایە بەناوی “ئیسائیل گوڵعەنبەر” کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا. هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئیبراهیم گوڵعەنبەر لە بەردەستدا نییە.