سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەزا بۆرکە، هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەهاباد سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕەزا بۆرکە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەر سەپێندراوە و دەبێ بەزووترین کات خۆی بە بەندیخانەی نەغەدە بناسێنێت.

ناوبراو بڕیاری داد وایە کە دەبێ بەیانی پێنجشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١ساڵ بەندکردن، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە بناسێنێت و هەروەها لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و لەکاتی شۆڕشی ژینادا دووجار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٦مانگ دەسبەسەر کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.