کۆماری ئیسلامی لە سنە سزای بەندکردنی بەسەر ٢مامۆستای زمانی کوردیدا سەپاند

خۆڕاگری: ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە هەر یەکەو سزای ١٠ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی “نۆژین”ـی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “کەرەمی” هەر یەکەو سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەمڕۆ بە فەرمی لەلایەن پارێزەرەکانیانەوە پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە سنە بە سەرۆکایەتی قازی “بەهمەن ئومیدزادە” بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١ساڵ بەندکردنی و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و هەروەها ٤٠زەربە  قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزیساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا و ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی هەمان‌ساڵ، دوای تێپەڕکردنی ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

هەروەها سروە پوورمحەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دوای سەردانکردنی بۆ دادگای ڕێژیم لە سنە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پەروەندەی ئەندامە دەسبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، دوای قۆناغی لێکۆڵینەوە و تێگەیاندنی تۆمەتەکانی، بە دانانی بارمتە لە بەندی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ئازاد کرا.