ئارمیتا گەراوەند، هاوشێوەی ژینا ئەمینی لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە تاران شەهید کرا

خۆڕاگری: ئارمیتا گەراوەند، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی کرماشان نزیکەی یەک مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە تاران بە باتۆم لە سەریان داوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئارمیتا گەڕاوەند، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی کرماشان کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بەهۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی کۆماوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران و و ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا.

ئارمیتا گەراوەند، لە کاتێکدا بۆ نەخۆشخانەی فەجری تاران گوستراوەتەوە پێش لەوەی کە لەلایەن هێزەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێوە هێرش بکرێتە سەری و لێی بدرێت، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی بەتەواوەتی جێگیر بووە و پلەی “دانی سێ”ـی وەرزشی تایکواندۆی هەبووە و لەو دوایییانەشدا وەکوو ئەندامی تیمی “ئاناهید ڕەزم”ـی تاران پشتوێنی “پووم یەک”ـی بەدەست هێناوە.

لە ماوەی ٢٨ ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی کەمی هەواڵی ئارمیتا و بانگەشەی دابەزینی پەستانی خوێنی لە میترۆ، هەوڵی دا کوشتنی حکوومەتیی ئەو کچە مێرمنداڵە کوردە چەواشە بکات، دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەموو ڕاستییەکانیان شاردەوە و نەیانهێشت هیچ ڕاستییەک بە میدیایی بکرێ و هەروەها هاوپۆلی و دایک و باوکیشیان ناچار کرد بە زۆرەملێ سیناریۆ داڕێژراوە ئەمنییەتییەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پێش کامێرای ڕایگەیاندنە حکوومەتییەکاندا بڵێنەوە.