خۆڕاگری: کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی مەهاباد، ژنێکی خەڵکی ئەو شارەی بەناوی “نازەنین ئەلیاسی”ـیش دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەشاری مەهاباد ١٣هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە و هاوکات نازەنین ئەلیاسی، هاووڵاتیی خەڵكی مەهابادیش وێڕای ئەو ١٣هاووڵاتییە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەرکراوە و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵكی مەهاباد گەیشتووەتە ١٤کەس.
نازەنین ئەلیاسی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆمای ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.