خۆڕاگری: یوسف حاجیخۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و بەرەی یەکگرتووی کورد و خەڵکی شنۆ، لە بەندیخانەی شنۆوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، یوسف حاجیخۆش، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “کۆنەقەڵا”ـی سەربە شاری شنۆ و ئەندامی شۆرای ناوەندی و بەرەی یەکگرتووی کورد، بۆ بەردەوامبوون لە ماوەی بەندکردنەکەی ٣ساڵ و ٣مانگە، لە بەندیخانەی شاری شنۆوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری شنۆ بەسەرۆکایەتی قازی “ئەنساری” بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٣ساڵ و ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و زیاتر لە ٦مانگە لە بەندیخانەی ناوەندی شنۆ ڕاگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.