خۆڕاگری: کەیوان ئەسامە و فەرهاد پەلە، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم، دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، کەیوان ئەسامە و فەرهاد پەلە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا ٩هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
فەرهاد پەلە لەگەڵ باوکی بەناوی “عوسمان پەلە” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە پیرانشار بانگ کران و بۆ چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردن و دواتر عوسمان پەلە ئازاد کرا، بەڵام کوڕەکەی هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.