دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارمان مورادی، خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان و خەڵکی دیواندەرە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئارمان مورادی، لە دەسبەسەرکراوانی ساڵیادی “ژینا ئەمینی” و چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی “دەرەگاوان”ـی سەربە شاری دیواندەرە و خوێندکاری بەشی کارناسیی باڵای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ڕازی کرماشان، دوای بانگکردن و ڕۆیشتن بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی سنە بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی دەسبەسەر کرا ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرا.

ناوبراو لەم دوایییانەدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٥مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ئارمان مورادی، ٢٢ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ  ساڵڕۆژی شەهیدکردنی “ژینا ئەمینی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش تێپەڕکردنی نزیکەی ١مانگ ڕاگیران، بەدانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ئازاد کرابوو.