دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لە هەوشار جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی هەوشار بەناوی “ئەسعەد کاکە” لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەسعەد کاکە، هاووڵاتی خەڵکی شاری “تیکاب”ـی سەربە ناوچەی هەوشار کە لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەی ٣مانگ دەسبەسەرکرابوو، دووبارە لەلایەن لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژێک پاش دەسبەسەرکردنی بە دەموچاوی شکاوەوە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئەشلەنجە کراوە، بەڕێکراوە بۆ دادگای ڕێژیم وپاش چەند کاتژمێرێک گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.