دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت بەناوەکانی “حەسەن حەسەننژاد، محەممەدئەمین حەسەننژاد و ڕەحیم عەلیزادە” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەسەن حەسەننژاد، محەممەدئەمین حەسەننژاد، باوک کوڕی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەحیم عەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن ‌هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ.

هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵ و شوێنی کاری ئەو سێ هاووڵاتییە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.