دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زانکۆی خەڵکی دێولان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شاهین غەفووری، خوێندکار و مامۆستای زانکۆی ئازادی قوروە و خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، شاهین غەفووری، خوێندکار و مامۆستای زانکۆی ئازادی شاری قوروە و خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

مامۆستا شاهین غەفووری، خوێندکاری بەشی ئەندازیاری بەرنامەنووسین و هەروەها مامۆستایە لە زانکۆی ئازادی قوروە، پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن چەکدارانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، تا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران وچارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.