دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “سیامەند مینا” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سیامەند مینا، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گردە‌برادەران”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سەرەڕای هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکردنی، بە تەواوی ماڵەکەشیان پشکنیوە و هێندێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانی خۆی و منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

جێی ئاماژەیە کە، پاش دەسبەسەرکردنی سیامەند مینا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ئەوەش نیگەرانی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەکەی نادەن.