هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: عەلا فەتحی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، عەلا فەتحی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش زیاتر لە پێنج مانگ دەسبەسەربوون و ڕاگیران لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لەو بەندیخانەیە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە شاری سنە کرا و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.