دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێمن نیکپەی، چالاکوانی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێمن نیکپەی، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “نەنە”ـی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە سنە، بەشێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن ئەو هێزانەوە لێی دراوە، دواتر ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هێمن نیکپەی، چالاکی مەدەنی، دوای دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.