
خۆڕاگری: ئازاد شوجاعی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سەردەشت کە پێشتر بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، ئەو سزایە پشتراست کرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سزای سێدارەی “ئازاد شوجاعی”، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ تێرۆرکردنی “فەخریزادە”، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە ئەو سزایە پەسەند کرا.
ئازاد شوجاعی بەندکراوی سیاسی و کۆڵبەری تەمەن ٣٢ ساڵان و خەڵکی گوندی “دۆڵە گەرم”ـی سەربە شاری سەردەشت، لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ڕێژیمەوە بەسەرۆکایەتی قازی “قاسم حوسەینی کوهکەمەری” پەسەند کرا و بەشیوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە و هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لە ماوەی ٨ مانگی دەسبەسەربوونیدا لە ژێر توندترین ئەشکەنجەدا بووە و بە ئەشکەنجەی قورس ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی کراوە و دوای ٨ مانگ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ.