دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دیاکۆ میری، هاووڵاتیی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فیاکۆ میری، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبراو لەپاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا، تەنیا لەڕێگەی تەلەفوونەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردۆتەوە کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، دەنا تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.