دەسبەسەرکردنی چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیقباڵ مەجیدی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیباڵ مەجیدی، یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، لە دووکانەکەی کە شوێنی کاری خۆیەتی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، دووکان و ماڵەکەشیان بە تەواوی پشکنیوە و هاوکات مەجید ئیقباڵی نەخۆشی دڵی هەیە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دۆخی تەندروستیی ناوبراویان لە بەرچاو نەگرتووە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

جێی ئاماژەیە کە، ئیقباڵ مەجیدی دوو ساڵ لەمەوبەر جارێکی دیکە بەهەمانشێوە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و پاش ماوەیەک ڕاگیرانی لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ئازاد کراوە.