هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە پاش دوو مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەد ئەڵڵاڕەزایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دێولان و دانیشتووی شاری سنە، پاش ٢مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و پاش چەند حەفتە لە هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەی، شوێنی ڕاگیرانی دەرکەوت و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.