
خۆڕاگری: فەرهاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری نەغەدە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە بەسەرۆکایەتی قازی “حێجازی” بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەگەڵ چەند هاووڵاتیی دیکە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و فەرهاد کەریمی دوای دەسبەسەرکردنی گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و پاش لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و پاش نزیکەی دوو مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.