کۆمەڵانی خەباتکاری کوردستان!
پێشمەرگە فیداکارەکانی نەتەوەی کورد!
٢٦ـی سەرماوەزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەشتاهەمین ساڵیادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژێکی مێژوویی و گرینگ لە ژیانی سیاسیی نەتەوەی کورددا کە تا ئێستاش یادی بە زیندوویی لە کۆیادی هەر تاکێکی کوردی نەتەوەیی و نیشتمانپارێزدا ماوەتەوە. بەشێکی بەرچاو لەو خەڵکە خەباتکارەی کە لە ڕێکەوتی ٢٦ـی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٣دا هێرشیان کردە سەر شارەبانیی شاری مەهاباد و دوایین وێستگەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی پەهلەویی یەکەمیان تێکەوە پێچا، کەمتر لە ساڵێک دواتر و لە ٢٦ـی سەرماوەزی ١٣٢٤دا ئاڵای خەباتێکی مۆدێرن و کیانێکی کوردییان خستە شەکانەوە.
هەر ئەم هێزە مرۆیییە خەباتکارە دواتر و لە ڕەوتی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا و سەرەتا بەناوی سوپای میللیی کوردستان ڕێک خرا و دواتریش بە پێشمەرگە ناسرا و درێژەی بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی دا. مەبەست لە دامەزراندنی هێزێک بەناوی هێزی پێشمەرگە، هەمان پاراستنی خاک و نەتەوەی کورد و دەسکەوتەکانی و هەروەها بەدەستهێنانی ماف و بایەخە مرۆیییەکان بۆ تاکی کورد بووە، هەر ئەو ئامانج و بنەمایەی کە ئێستاش و پاش هەشت دەیە پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر پەروەردە دەکرێ.
جێی شانازییە ئەم دوو دەسکەوتە مەزنە و چەندان دەسکەوتی گرینگی دیکەش، لە داهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری دامەزراوی ئەم حیزبە بە ئەژمار دێن؛ دوو داهێنانی گرینگ و مێژوویی کە ئێستا بوونەتە سیمبول و هێمایەکی نەتەوەییی ڕووگەئاسا. دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان بە بیرێکی ورد و خوێندنەوەیەکی قووڵ ئەوەی ئەم نەتەوەیە نەیبوو پێیان بەخشی؛ هێمایەک بۆ پێناسەی شوناسێک و هێمایەکیش بۆ پارێزگاریکردن لەو شوناسە.
هێما نەتەوەیییەکانی کۆماری کوردستان و بەتایبەتی ئاڵا و پێشمەرگە و سروودی نەتەوەییی “ئەی ڕەقیب”، لەو هێمایانەن وا لە دڵی کوردستان و لە دڵی ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە و هاوردە نەکراون، بۆیە ئێستاکەش لەلایەن چەند وەچە دواترەوە هەر وەردەگیرێن و باوەش بۆ ئەو هێمایانە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە ئاوەڵایە؛ ئەمە بە هەڵکەوت نییە و نیشان لەوەیە بەرنامە و ئامانج و پلانی کاریی ڕێبەرانی کۆماری کوردستان پێی لەسەر هەردی ڕاستیی ئەم نیشتمانە بووە و لە لێڵی و ناڕوونیدا نەژیاون.
خەڵکی خۆڕاگر و شوناسپارێزی کوردستان!
هەروەک ئاگادارن ئەمڕۆکە پاش چەندین دەیە لە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ و ساڵ لەگەڵ ساڵ زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەم هێمایانە لە ژیانی ئاسایی و سیاسیی خەڵکدا دەبینین. کەمتر بۆنە و شایی و گۆڤەندێکمان پێ شک دێ لە کوردستاندا بەڕێوە بچن و ژنان بە جلی کوردیی ڕازاوە بە نەخشی ئاڵای کوردستان تێیاندا بەشدارییان نەکردبێ، یان کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان بە جلی پێشمەرگانەی خاکییەوە ڕەهەندێکی ماناداریان بەو بۆنانە نەبەخشیبێ.
خۆ گەر لە ئاستی جیهانییشدا بڕوانینە چەمکی پێشمەرگە، ئەم چەکدارە شۆڕشگێڕە بەپێچەوانەی زۆربەی هێزە چەکدار و میلیشیاکانی ناوچەکە بە هێزێکی بەپرێستیژ و باوەڕمەند بە بایەخە مرۆیی و گشتگیرەکانی دنیای مۆدێرن و پێشکەوتوو و ئازاد دەناسرێ و ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگیرێ، ئەمەش نیشان لەو ڕاستییەیە کە فەلسەفەی لەدایکبوونی ئەم هێزە و جۆری پەروەردەکردنەکەی لەگەڵ هەموو پرەنسیپە مرۆیییەکانی سەردەمدا یەک دەگرێتەوە.
کۆمەڵگەی مەدەنیی هەمیشە زیندووی کوردستان!
ئێمە وەک بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەم ڕۆژەدا گەرمترین پیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە گیانفیداکانی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەکەین، هاوکات شانازی بەوەوە دەکەین پێکهاتەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لاوانی دەروەست، خوێندکارانی وشیار و ژنانی بەرهەڵستکاری کۆمەڵگەکەمان پێک هاتووە و لە پێناو دەستەبەرکردنی سەروەریی کوردستاندا چەکی پاراستنی نیشتمان و پاراستنی بەها مرۆڤییەکانیان کردووەتە شان و لەم ڕێیەدا فیداکارییان نواندووە و گیانیان لەپێناو داناوە. ئێمە شانازییان پێوە دەکەین و خۆمان بە هاوخەباتی هەمیشەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەزانین، لەهەمان کاتیشدا بەڵێنمان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە دوایین وێستگەی سەرکەوتن و هێنانە دیی ئامانجەکانیان، لە خەبات و تێکۆشانی شوناسپارێزانەی خۆمان بەردەوام دەبین.
پیرۆز بێ ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان
سەر کەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان
هەر شەکاوە بێ ئاڵاکەمان
پایەدار بێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی
