دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵكی  پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: تاهیر باپیران و سیامەند ئیسماعیلی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٥ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی) تاهیر باپیران “بارام” و سیامەند ئیسماعیلی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی شیناوێ‌ی سەربە شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە بە خۆڕاگری ڕاگەیاند؛ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.