
خۆڕاگری: ئەیووب هەرکی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی ورمێ پاش ٤ڕۆژ ڕاگیران، بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەیووب هەرکی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری ورمێ، پاش ٤ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی بەهۆی ئەوەیکە دیمەنی وشک و برینی گۆلی ورمێی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردۆتەوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و لاپەڕەی ئینستاگرامەکەشی بەردەست نییە و لەلایەن ڕێژیمەوە داخراوە.