هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسرەدا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدریس کارساز، هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بەشێوەی فەرمی ئەو سزایەی پێ ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە  ئاکامی هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ و پاش یەک مانگ و ١٧ڕۆژ ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

جێێ ئاماژەیە کە، ئیدریس کارساز لەو ماوەیەی کە لە گرتنگەی ڕێژیم لە ورمێ دەسبەسەر بووە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لە بارەی چارەنووسی، هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.