سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاوادانان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەمیرحوسێن موسەویانزادە، خەڵکی ئاودانان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٢٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا،ئەمیر حوسێن موسەویانزادە، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی شاری ئاودانان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئیلام بە سەرۆکایەیی “محەممەد غوڵامی” بە تۆمەتی پاروپاگەندەکردن لە دژی کۆماری ئیسلامی سزای ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە عەلی خامنەیی سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٣ مانگ لە ماوەی ١٦ مانگ بەندکردنی ئەو لاوە ناڕازییە بۆ پێنج ساڵ هەڵپەسێردراوە و سێ مانگی دیکەشی گۆڕدراوە بۆ بڕی سێ ملیۆن تمەن پێبژاردن و هەروەها سزای ٨ مانگ بەندکردنی ناوبراو، بەو ڕۆژانەی کە دەسبەسەرکراوە هەژمار دەکرێ  و ناوبراو لە سەرەتاکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و ماوەیەک بە وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو ئازاد کرابوو، بەڵام دواتر بۆ جارێکی دیکەش دەسبەسەر کراوەیەوە و و لە کۆتاییدا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.