ڕاگەیەندراوی هاوبەش بۆ پاڵپشتی لە مانگرتنی بەندییە مەحکووم بە ئێعدامەکان

لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ـی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوییەوە زیاتر لە ١٥٠٠ بەندیی ژێر حوکمی سێدارە، لە یەکەی ژمارە دووی بەندیخانەی “قزلحصار” مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم هەنگاوە بەکۆمەڵ و بوێرانەیە لەدژی سزای لەسێدارەدان – کە لە ڕاستی‌دا جۆرێک کوشتنی حکوومەتییە – بەڕێوە دەچێ. ئەم پۆلە مرۆڤە کە لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی حوکمەکانیان‌دان ئێستا پێکەوە دەنگی ناڕەزایەتییان لە ئاست ئەم سزا نادادپەروەرانەیەدا هەڵبڕیوە و دەیانهەوێ هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی و خەڵکی ئاسایییش گوێیان لە دەنگیان بێت و بەهانایانەوە بچن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی زایینی‌دا زیاتر لە هەزاروسەد کەسی لەسێدارە داوە، ئەم ڕێژیمە بەمەبەستی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگە بەتایبەت لەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، پەنای بردووەتە بەر شەپۆلێک لە لەسێدارەدان و تەنانەت یاسای نوێتریش بۆ ئەوە دادەتاشێ دەستی ئاوەڵاتر بێ بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی خەڵک بەناوی یاساوە. لەم نێوەدا و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوە مافی مرۆیییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئەم لەسێدارەدراوانە سەر بە نەتەوە ستەم‌لێکراوەکانی نێو ئێران وەک: کورد و بەلووچ و عەرەب و…ن، کە لەم ڕووەشەوە کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە لەگەڵ ئەوەی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دڕندەیە، لە هەمان کاتیش‌دا ڕێژیمێکی ناوەندگەرای فاشیستییە.

ئێستا پتر لە نەوەد حەوتووە “هەڵمەتی سێ‌شەممەکانی نا بۆ ئێعدام” بەردەوامە کە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، لە هەمان کات‌دا بەشێکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران و بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەم بەندییانە هاودەنگییان نیشان داوە و هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ڕێژەی سەرسوڕهێنەری ئێعدامەکانی ئێرانەوە هۆشداریی داوە و ڕێکخراوی نێونەتەوەییی لێبوردنیش داوای لە دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بۆ پێشگرتن بەم شەپۆلی ئێعدامانە گوشارێکی زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئێمە وەک چەند ڕێکخراوی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێی ئەم ڕاگەیەندراوەوە پاڵپشتیی خۆمان لەم مانگرتووانە و بنەماڵە هەق‌ویستەکانیان و هەموو ئازادی‌خوازان ڕادەگەیەنین و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە:

١- سزای لەسێدارەدان، هەمان کوشتنی بەئەنقەستە لەلایەن حکوومەتەوە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ بۆ مانەوەی خۆی یان بە هەر پاساو و بیانوو و مەبەستێکی تر خەڵک بکاتە قوربانی.

٢- ئێمە لە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنیی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران داوا دەکەین دان بەو ڕاستییەدا بنێن کەوا لە ئێران‌دا ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی هەیە – شوناسی نەتەوەییی لەسێدارەدراوان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە – بۆیە هەوڵ بدرێ ئەو ستەمانە لە ڕێی دان‌پێدانان و کولتوورسازی و هەوڵ‌دانی ڕاستەقینە بۆ نەهێشتنیان، ڕیشەکێش بکرێن.

٣- بەرپرسیارەتیی گیانی هەموو بەندکراوان و لەنێو ئەوانیش‌دا بەتایبەت بەندییە مانگرتووەکان لە ئەستۆی دەزگای بەناو دادی ڕێژیم‌دایە، بۆیە هەر خەسار و زیانێکیان لێ بکەوێ، پێشێل‌کردنی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامی لێپێچینەوەی لێ بکرێ.

٤- داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان دەکەین ئەوەی لەدەستیان دێ بۆ پاراستنی گیانی ئەو بەندییانە بیکەن و ئەم ماشینی کوشتارەی کۆماری ئیسلامی ڕابگرن.

خەڵکی کوردستان و ئێران!

ئەم مانگرتنە نابێ تەنیا تایبەت بە بەندکراوان بێت، ئەمە شەڕی نێوان مەرگ و ژیانە، بۆیە نابێ و ناکرێ لە بەرامبەر ئەو داواکارییەدا بێ‌دەنگ و خەمسارد بین و پێویستە لەم ساتەوەختە هەستیار و گرنگ و چارەنووس‌سازەدا دەنگی پاڵپشتیی خۆمان بخەینە لای دەنگی ڕەوای ناڕازییانەی ئەو بەندییە مەحکوومانە و ویستی نەهێشتن و نەمانی سزای سێدارە بکەینە ویست و دروشمێکی گشتی کەوا لەدوای نەمانی کۆماری ئیسلامییش ئەم سزا دژەمرۆڤییە بنبڕ بکرێ و بسپێررێ بە مێژوو.

ئێمە ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی مەدەنییانە و ڕەوا دەزانین و بە پێویستی دەزانین دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی ئەم ناڕازییانە و داوا لە خەڵکیش بکەین پاڵپشتیان بن.

سەر کەوێ خەباتی گشتگیری خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان