دەسبەسەر و ئازاردانی مێرمنداڵێکی خەڵکی قوروە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئامیار فەتحوڵڵایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی قوروە، لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو شارە بانگ کراوە و هەرلەوێش دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی لە شاری قوروە، ئامیار فەتحوڵڵایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی ئەو شارەی بەشێوەی فێڵ‌لێکردن بانگ کردووە و لەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و پاشان گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و لەوێ بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەشکەنجە و ئازار دراوە.

ئامیار فەتحوڵڵایی، قوتابی تەمەن ١٦ساڵان لەلایەن ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە قوروە، تەلەفوونی بۆ کراوە و بە فێڵ پێی وتراوە کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بابەتی خوێندن سەردانی ئەو ناوەندە بکات و ئەویش لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییە سەردانی پەروەردە و بارهێنانی کردووە و لەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە، لێدان و کوتان دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو مێرمنداڵە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن ئیتلاعاتەوە بەسەختی ئەشکەنجە دراوە و پێی وتراوە؛ دەبێ دان بەوەدا بنێی کە خاڵێکی بەناوی “عارف نادری” چالاکی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، ناوبراوی هان داوە بۆ کردەوەی تێرۆریستی و هەروەها ئەو مێرمنداڵە لە ژێر ئەشکەنجەدا گورچیلەی تووشی زیانی جیددی بووە و بارودۆخی جەستەیی و دەروونی بەتەواوی تێک چووە و پاش ئەشکەنجەدان و ڕاگرتنگی بۆ چەند کاتژمێرێک، بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.