دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن چەکدارانی ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: مستەفا حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسیشی ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٥ڕۆژ دەبێ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری نەغەدە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مستەفا حوسێن‌پوور هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و دەسبەسەریان کردووە و لەو کاتەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

مستەفا حوسێن‌پوور، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە ڕاگیراوە، بەڵام چارەنووسی ناڕوونە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەی نەداوە و هەروەها ناوبراو بەهۆی چالاکی و ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، مستەفا حوسێن‌پوور، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە نەغەدە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەوتوو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوستراوەتەوە و تا ئێستاش لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە.