دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی پارێزگای ئیلام لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: وەلی موحسینی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “موورمووری”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەلی موحسینی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “موورمووری”ـی سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

وەلی موحسینی، دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ئاودانانەوە بانگ کراوە، دەسبەجێ لەو ناوەندە سەرکوتکەرە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.