ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەربوونی

خۆڕاگری: ئارام ڕۆحی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و تا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ١٠ڕۆژ لەمەوبەر ئارام ڕۆحی، خەڵکی گوندی “تورجان”ـی سەر بە شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هەوڵ بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە و لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.

ئارام ڕۆحی، لە کێلگەی خۆیدا بووە و خەریکی کاری کشتوکاڵی هەبووە کە ژمارەیەک لە هێزە چەکدارە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دوو ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتاوەتە سەری و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە و هەروها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیەوە کە ئامار ڕۆحی ڕۆژی یەکشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.