گواستنەوەی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز لە سنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی سەقز

خۆڕاگری: خالید محەممەدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە سەقز.

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر گواستنەوە خالید محەممەدی، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی سەقز، ڕایگەیاند: ناوبراو دوو حەوتوو پێش ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز گوازراوەتەوە و هاوسەرەکەشی کە دووگیانە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە بانگکراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

خالید محەممەدی، خەڵکی گودنی “توررجان”ـی سەربە شاری سەقز، پاش مانگێک مانەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گوازراوەتەوە و هەروەها ناوبرا کە ئێستا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سەقز ڕاگیراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەپێی زانیارییەکان لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێتڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و لە ماوەی نزیکەی ٥٠ڕۆژ دەسبەسەربوونیدا تەنیا دوو جار توانیویەتی پەیوەندیی کورتی تەلەفوونی بە بنەماڵەکەیەوە بکا.