سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی سەقزیدا لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هیوا عەزیزپوور، وەرزشوانی خەڵکی سەقز کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە بەکۆی گشتی، سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هیوا عەزیزپوور، ڕاهێنەر و وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، بە سەرۆکایەتیی قازی “جەواد مستەفایی” بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی و پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

هیوا عەزیزپوور، لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەدژی هێرشی کیمیایی سیستەماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و هەر بەو هۆکارەش دەستبەسەر کرا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە کاتی ناڕەزایەتیی دەربڕینەکاندا تەنیا دیمەنی سەرکوتکردنەکانی خەڵکی لەلایەن ڕێژیمەوە گواستۆتەوە بۆیە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە، ناوبراو ڕاهێنەری هونەری وەرزشی “نینجایە” کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و دوای نزیکەی ١٢٠ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.