دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زانکۆی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ناسر سەرگەڕان، مامۆستای زانکۆ و پارێزەری خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شارە دەسبەسەرکراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ناسر سەرگەڕان، پارێزەر و مامۆسستای زانکۆی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاشان گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە.

ناسر سەرگەڕان، بێجگە لەوەیکە لە بواری کارەکەی خۆیدا وەکوو مامۆستای زانکۆ و پارێزەر کەسێکی چالاکە، لە بواری میدیا و بەرگری لە مافی هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە بۆخۆشی نابینایە چالاکیی بەرچاوی هەبووە و هەروەها پاش دەسبەسەرکردنی تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.