سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: میکاییل مینبەری، بەندکراوی سیاسیی پێشووی  خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای شەش ساڵ بەندکردن و ڕێگە پێنەدان بۆ دەرەوەی ئێران‌ی بەرسەدا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: میکاییل مینبەری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “نییەر”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی”، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، سزای شەش ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێنراوی بەسەردا سەپێندراوە.

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، بێجگە لەوەیکە سزای ٦ساڵ بەندکردنی بەسەر میکاییل مینبەریدا سەپاندووە، سزایەکی بەسەردا سەپاندووە کە بۆ ماوەی ٢ساڵ ناتوانێ بەهیچ شێوەیەک بۆ دەرەوەی ئێران سەفەر بکات و دەبێ هەر ٤مانگ جارێک بەمەبەستی واژۆکردن و خۆناساندن سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بکات.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانان، پاش ٢مانگ دەسبەسەربوون ئەشکەنجەدان لە ئیتلاعاتەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانی ناوەندی شاری سنە و هەروەها پاشان ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتیی و تا کاتی دادگاییکردنەکەی لەو بەندیخانەیە ئازادکرا.