کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی‌دا سەپاند

خۆڕاگری: ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری دۆسیەکەی ژینا ئەمینی، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ساڵح نیکبەخت، پارێزەر و یاساناسی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “عەمووزاد”، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە و چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامی، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها  بۆ ماوەی دوو ساڵ لێی قەدەغە کراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی بکات.

عەلی ڕەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەت ڕایگەیاند کە؛ دەزگای قەزایی ڕێژیم، هیچ بایەخێکی بە هەوڵە بەرگریکارانەکانی پارێزەر و تۆمەتبارەکەش نەداوە و دادگا سەرجەم ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەسەر چالاکییە پیشەییەکانی ساڵح نیکبەخت و ئەرکە فەرمییەکانی وەک پارێزەر، بەتایبەت وتووێژی ناوبراو لەگەڵ میدیا بیانییەکان سەبارەت بە دۆسیەی کوشتنی ژینا ئەمینی و بەرگریکردن لە مافەکانی کۆڵبەرەکان کە لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون، وەک بەڵگەی تاوانباربوونی ئەو پارێزەرەی لە بەرچاو گرتووە.

 ساڵح نیکبەخت، تەمەن ٧٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی داواکاریی گشتیی بەندیخانەی ئێڤین بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کرا و  پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی ئازاد کراوە.