حەوت هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز و سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

خۆڕاگری: ٧هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز بەناوەکانی “سەفا عائلی، ئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی، هیوا تاتایی، ئومێد موقەدەس و هیوا جیهانی” کە لە ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتەکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراون.

هاوکات ئەرسەلان دیوارگەر هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن، بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.