دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە بەناوەکانی “مێهدی قەنبەری و نیما خالیدیان” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، مەهدی قەنبەری، لاوی تەمەن ٣١ ساڵانی خەڵکی شاری قوروە کە دەرچووی زانکۆی تەربیەت موعەلیمە، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە قوروە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی نیما خالیدی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە وتائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.