ڕاپۆرتێک لەسەر ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ٧ساڵ لەمەوبەر، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی بەناوەکانی “زانیار مورداری، ڕامین حوسێنپەناهی، لوقمان مورادی و کەماڵ ئەحمەدنژاد” بەتۆمەتی کوردبوون بە بەرچاوی هەموو دنیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ئێرانی و ناوچەیی لە سێدارە دا و هاوکات هەمان ڕۆژ بەشێوەیەکی دڕەندانە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان مووشەکباران کرد و بەوهۆیەوە ژمارەی ئەندامی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریشی ژن و منداڵ بریندار بوون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە تائێستا بە بەردەوامی خەریکی سەرکۆت و بەندکردن و ئێعدام کردنی جیابیران  و دژبەرانی خۆیەتی دەستی لە هیچ جینایەتێک نەپاراستووە.

شایانی باسە “کەماڵ ئەحمەدنژاد” بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “گامێشگۆلی”ـی سەربە شاری میاندواو، دوو ڕۆژ دوای لەسێدارەدانی ڕامین، زانیار و لوقمان، واتە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەتاوانی کوردبوون لەسێدارە درا و ئەو جینایەتە یەکێک دیکەی لەو هەزاران جینایەتانەی کۆماری ئیسلامیە کە بوونەتە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە ، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای وەبیر هێنانەوەی ئەو جینایەتە سامناکەی ڕێژیم، یاد و بیرەوەری هەموو شەهیدانی کوردستان بەتایبەت یادی ئەو چوار شەهیدە لەسێدارەدراوەی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت و سەری کڕنۆش بەرانبەر قامەتی بەرزی ژێر سیدارەیان دادەنوێنێت.