چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، سزای بەندکردن، دوورخستنەوە و هەروەها لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی نەوژین، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانباریی ٢ی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی “بەهمەن ئومیدزادە”، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوورخستنەوە لە سنەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و هەروەها ٤٠زەربە قامچی بەسەردا سەپێندراوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو بۆخۆی لە کۆبوونەوەی دادگادا ئامادە نەبووە.

ئیدریس مینبەری، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی هەمان‌ساڵ بە دانای بارمتەی قورس بەبڕی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.